دەربارەی

 

 

زانکۆی سۆران

 

زانکۆی سۆران ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە، یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانی کوردستان. زانکۆکە پەیوەندیی فراوانی ئەکادیمی ھەیە لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی. ھەروەھا، بەپێی ڕیزبەندی نیشتمانیی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ساڵانە ئەنجامی دەدات، زانکۆی سۆران لە ناو زانکۆکاندا لە ڕیزبەندیی زانکۆ یەکەمەکاندا دێت. سیستەمە نێودەوڵەتییەکان و بۆلۆنیا پڕۆسێس لە زانکۆکەدا پەیڕەو دەکرێت، لەم پڕۆسەیەشدا بایەخی زیاتر بە چالاکی قوتابیان دەدرێت، بەوەی قوتابی چەق (سەنتەر)ە. زانکۆی سۆران، لە ٥ فاکەڵتی و سەنتەرێکی توێژینەوەی زانستی پێکدێت، کە ٢٥ بەشی زانستی لەخۆدەگرن. زانکۆکە بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا بە دەرچووانی دەبەخشێت. ژمارەی قوتابیانی دەگاتە نزیکەی ٨٠٠٠ قوتابی، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستا، فەرمانبەری ھەمیشەیی و گرێبەست و خۆبەخشان تیایدا خزمەت دەکەت. زانکۆی سۆران تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆ، دامەزراوە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ھەیە. لەگەڵ ئەو زانکۆیانەشدا بەرنامەی ئاڵوگۆڕی قوتابیان بۆ خوێندن و مەشق پەیڕەو دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا، زانکۆی سۆران ساڵانە ژمارەیەک لە قوتابیانی ڕەوانەی وڵاتانی ئاسیایی و ئەوڕوپایی دەکات، ئەویش بەھەمان شێوە پێشوازی لە قوتابیانی ئەو وڵاتانە دەکات. زانکۆی سۆران بووەتە زانکۆیەکی ناودار و دانپێدانراو، لەسەر ئاستەکانی ناوخۆیی، نیشتمانی و نێودەوڵەتیەوە. ھەروەھا، لە ڕیزبەندییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کە بۆ زانکۆکان تۆمار کراوە، وەک وێبۆمێترێکس، وێبوساینس و کیوئێس بەشدارە. لە دەستپێکی دامەزراندنیەوە بە تۆکمەیی ھەنگاوی ناوە و بەردەوامە لە بەرەو پێشچوون، ھەر کاتێکیش ڕیزبەندی زانکۆکان ڕابگەیەنرێت، ئەوا زانکۆی سۆران لە ڕیزبەندییەکەدا زیاتر پێشدەکەوێت.